به‌ مه‌به‌ستى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ره‌وشى ناوچه‌كه‌ ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ژیان ‌و گوزره‌انى ئاواره‌كانى شه‌نگال ‌و ده‌ور‌وبه‌رى، سه‌رله‌ئێواره‌ى دوێنێ 6/8/2014 د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ یاوه‌ریى جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، سه‌ردانى پارێزگاى دهۆك-یان كرد ‌و سه‌ره‌تا قه‌زاى شێخان-یان به‌سه‌ركرده‌وه‌ ‌و له‌وێ له‌لایه‌ن فه‌رهاد ئه‌تروشى پارێزگارى دهۆك ‌و به‌رپرسانى ئیدارى ‌و ئه‌منیى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ پێشوازیان لێكرا.

پاشان له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ سه‌رۆك ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌كانی به‌رگری له‌مافی ئافره‌ت و مافی مرۆڤ و په‌رله‌مانتارانی دهۆك ئاماده‌یبوون بارودۆخی ئاسایش ‌و ئارامیى ناوچه‌كه‌ ‌و ره‌وش ‌و گوزره‌انى ئاواره‌كانی شه‌نگال ‌و ده‌وروبه‌ریان تاوتوێكرد ‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیى په‌له‌كردن له‌ هاوكاریكردنى ئاواره‌كان كرده‌وه‌.
دواتر سه‌ردانى بابه‌ شێخ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى رۆحانیى ئێزیدییه‌كانیان له‌ ماڵى خۆی كرد ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ پشتیوانیى ته‌واوى په‌رله‌مانى كوردستانیان بۆ خوشك ‌و برا ئێزیدییه‌كان ده‌ربڕى ‌و رایانگه‌یاند كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵ ناكه‌ن كه‌ سووكایه‌تی به‌ خوشك ‌و برا ئێزیدییه‌كانمان بكرێت چونكه‌ ئه‌وان كوردێكى ره‌سه‌نى ئه‌و كوردستانه‌ن ‌و ئه‌ركى سه‌رشانمانه‌ كه‌ بیانپارێزین ‌و داكۆكى له‌ مافه‌كانیان بكه‌ین.
هه‌ر له‌سه‌ردانه‌كه‌یاندا سه‌رۆكى په‌رله‌مان ‌و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بازاڕى شێخان-یان به‌سه‌ركرده‌وه‌ ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ ره‌وش ‌و ژیان ‌و گوزه‌رانى خه‌ڵكه‌كه‌یان پرسى ‌و پشتیوانیى خۆیان بۆ ده‌ربڕین ‌و دڵنیایان كردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ ته‌نیا نین.
ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ سه‌ردانى نوسینگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان-یان له‌ شارى دهۆك كرد ‌و له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانى نوسینگه‌ى دهۆك كۆبوونه‌وه‌ ‌و ره‌وشى ئاواره‌كانیان تاوتوێكرد.
هه‌مان شه‌و سه‌رۆكى په‌رله‌مان ‌و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ى ئازادی-ى دهۆك-یان كرد ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كانیان به‌سه‌ر كرده‌وه‌ ‌و هاوكارى ‌و پشتیوانیى په‌رله‌مانى كوردستان-یان پێگه‌یاندن.  

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی